ژینێک له پۆشاکی مه‌رگ دا
نووسه‌ر : شه‌مامه / بانه 
خه‌نده‌و پێکه‌نین ، خۆشی و شادی ، ڕووی گه‌ش و ئاڵ ، دیمه‌نی جوان و سه‌ر حاڵی هه‌موو ئه‌مانه ئه‌و شتانه‌ن که مرۆڤ هه‌وڵی له‌سه‌ر ده‌دا و بۆی تێده‌کۆشێ .
غه‌م و په‌ژاره ، گریان و ڕۆڕۆ ، ڕووی تاڵ و گرژ ، بێ تاقه‌تی و که‌ساسی ، ته‌مبه‌ڵی و ته‌وه‌ززه‌لی هه‌موو ئه‌مانه‌یش ئه‌و شتانه‌ن که مرۆڤ هه‌وڵ ئه‌دات بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ڕه‌وان و ڕووی خۆی بیسڕێته‌وه و بکووژی بکا .
ئه‌م دوو دیمه‌نه (خه‌نده و گریان) دوو شتی لێک جیاوازن و به هاتنی دانه‌یه‌کیان ئه‌وی تریان ڕاوده‌نرێت و قووتار ده‌بێ ، وه به درێژایی مێژوو هیچ کات و زه‌مه‌نێک نه‌بووه که مرۆڤ هه‌وڵی ده‌ست خستنی به‌شی دووهه‌می دابێت و زه‌حمه‌تی بۆ کێشابێت ، به‌ڵکوو به پێچه‌وانه‌وه مرۆڤ هه‌موو کاتوو زه‌مه‌نێک هه‌وڵی به ده‌ست هێنانی به‌شی یه‌که‌می داوه و بۆی کۆشاوه .
به‌ڵام ئه‌و شته‌ی که سه‌رنجه‌کان بۆ لای خۆ ڕاده‌کێشێت و چاوه‌کان به‌ره‌و خۆی ئه‌بڵه‌ق ده‌کا ئه‌مه‌یه که هه‌رچه‌ند مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه له بار و دۆخێکی پڕ له هێسایی و ئاسووده‌یی دا ده‌ژی ، به‌ڵام گریان و ڕووی تاڵ و غه‌م و په‌ژاره‌یش وه‌ک شادی و خه‌نده و پێکه‌نین بگره زیاتریش له‌سه‌ر ڕوومه‌تی زۆرێک له مرۆڤه‌کان به‌دی ده‌کرێت و ده‌بینرێت .
به‌دی هاتنی ئه‌م چه‌شنه دیمه‌نه ناحه‌ز و قێزه‌ونانه بۆ هۆکارانێکی زۆر ده‌گه‌ڕێنه‌وه و شتانێکی زۆر له سه‌ر به‌دی هاتنیان ده‌سته و یه‌خه‌ی مرۆڤ ده‌بێت که ده‌مهه‌وێ به شێوه‌یه‌کی کورت ئاماژه به به‌شێکیان بکه‌م :
1- جیاکردنه‌وه‌ی لایه‌نی ڕۆحی له لاشه :
مرۆڤ ئیستایشی له‌گه‌ڵ بێت هه‌ر نه‌ناسراوه و که‌س نه‌یتوانیوه وه‌کوو مه‌وجودێکی ناسراو ناوی ببات ، جا که مرۆ نه‌یتوانی بێت خۆی بناسێت نایشتوانێ پێداویسته‌کانی مرۆڤ پێناسه بکات و ئاسایشتی بۆ بار بێنێت ، به‌ڵام ئه‌و که‌سه‌ی که مرۆی ناسیوه ( واته خوای باڵا ده‌ست ) ده‌زانێت مرۆ چی پێویسته و نیازی به چی نىیه ؛ چوون ده‌زانێت مرۆ چییه و له چی پێک هاتووه ! وه هه‌روه‌ها ده‌زانێت بۆ به‌رز کردنه‌وه‌ی لایه‌نی ڕۆح و لاشه چی پێویسته و چی پێویست نییه و تا چه‌نێ بایه‌خ بدرێت به‌میان و تا چه‌نێ بایه‌خ بدرێ به‌ویان ؛ به‌ڵام مرۆکانی ئه‌م سه‌رده‌مه به پێچه‌وانه‌ی فه‌رمووده‌کانی خواوه‌ندی گه‌وره‌وه بایه‌خێکی بێ بنه‌وان به لایه‌نی په‌روه‌رده کردنی لاشه‌که‌یان ده‌ده‌ن و لایه‌نی ده‌روونییان وه‌بن گوێ خستوه و هیچ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی به که‌ڵکی ناده‌نه‌وه سه‌ر ، جا ئه‌مه بووه‌ته هۆی ئه‌مه‌ی که سه‌رپۆشێکی ڕه‌ش به سه‌ر ڕوومه‌تی زۆرێک له مرۆڤه‌کانه‌وه ببینرێت و ژینێکی ئاخێنراو به دڵه‌ته‌په و دڵه‌ڕاوکێ خاپووریان بکا.
2- زۆری خواسته :
واته مرۆکان هه‌ر ده‌م هه‌وڵ ئه‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی که ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتی ئابووری خۆیان په‌ره پێ بده‌ن و ئاستی داهاته‌که‌یان زۆرتر و زۆرتر بکه‌ن ، جا ئه‌م شێوه خواسته ئه‌وه‌یه که هیچ کات مرۆ پێی نه‌گه‌یشتووه و نه‌یتوانیوه پڕ به دڵ ده‌ستی بخا‌و و خۆی له‌به‌ر وه‌حه‌سێنێ ، چوون مرۆڤ وا خوڵقاوه که هه‌رده‌م ئاره‌زوی به ده‌ست هێنانی شتانی زۆرتر و نوێتر ده‌کات .
ئه‌مه‌یش ئۆقره‌ی له مرۆڤ گه‌لێکی زۆر بڕیوه و ژینێکی پڕ له خۆزگه هه‌ڵخواستن و به ئاواته‌وه بوونی سامانداری و ده‌وڵه‌مه‌ندی له دڵ و ده‌روونی زۆرێک له مرۆڤه‌کاندا دروست کردووه .
3- چاو لێک بڕین و لاسایی یه‌ک کردنه‌وه :
به‌شێک له مرۆکان وا خوڵقاون که به زه‌ین و زرینگترن له به‌شێکی تر و ده‌توانن زووتر به سه‌ر ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌کانی دنیادا سه‌رکه‌وتوویی به ده‌ست بێنن ، جا ئه‌مه وای له مرۆ لاوازه‌کان کردووه که هه‌موو کات بۆ لاسایی کردنه‌وه‌ی مرۆ به ده‌سه‌ڵاته‌کان هه‌وڵ بده‌ن و له‌سه‌ر دواکه‌وتنیان که‌ساس و بێتاقه‌ت یان ته‌مبه‌ڵ و ته‌وه‌ززه‌ل بار بێن .
4- بێ سه‌لیقه‌یی و که‌م ئاوه‌زی کارگێڕه‌کان :
به‌ڕێوه بردنی کاره‌کان به شێوه‌یه‌کی درووست و حیسابی و دوور له هه‌ڵه ئه‌و شاکاره گرینگه‌یه که زۆرێک له مرۆڤه‌کان لێی بێ به‌ش و هیچ پێ نه‌بڕاون .
به‌ڵێ هێنانه‌دی بار و دۆخێکی پڕ له ئاسایشت و شادی و دوور له ترس و خۆف بۆ نه‌وه‌کانی سه‌رده‌م گرینگه و جێی پێ زانینه ، به‌ڵام به داخه‌وه کارگێران و کاربه‌ده‌ستانی بدیهێنانی بارودۆخی ئارام و هێمن و دوور له دڵه‌ڕاوکێ زۆرکات و سات کارانێکی نائاسایی وا ده‌که‌ن که مرۆڤه‌کان ده‌خه‌نه ناو دڵه‌ڕاوکێ و ترس و له‌رزه‌وه ؛ بۆ وێنه دایک و باب هه‌ر له‌و کاته‌وه که تازه مناڵه‌که‌یان خه‌ریکه سه‌ر گڕوگاڵ ده‌که‌وێ ووشانێکی وه‌ک شه‌وله‌بان و پشیله‌که و چه‌قۆکه و چی و چی تر به گوێچکه‌ی مناڵه‌که‌یانا ده‌پچێنن که ده‌بێته هۆی به‌دی هاتنی دڵه‌ڕاوکێ و ترس و له‌رز و خۆف له ناخ و ده‌رونی ئه‌و کۆرپه تازه پێهه‌ڵگرتووه‌دا . به‌ڵام ئه‌و شته‌ی که دڵه‌ته‌په‌و دڵه‌ڕاوکێیه‌کی زۆر بێ ئامان له‌سه‌ر دڵ و ده‌روونی زۆرێک له گه‌وره پیاوانیش به‌جێ دێڵێت بریتی یه له بینینی تابووت و ساردخانه‌ی نه‌خۆشخانه به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر لاشه‌ی مردووێک له سه‌ر تابووته‌که یان له نێو ساردخانه‌که‌دا بێت ژینێکی مه‌رگبار بۆ مرۆ دێنیته ئا‌را‌وه .
( لێره‌دا ده‌مهه‌وێ ئاماژه‌یه‌ک به نه‌خۆشخانه‌که‌ی شاری بانه بکه‌م که شوێنه‌وارێکی به‌ئازاری له‌سه‌ر ده‌روونی زۆرێک له مناڵه خنجیلانه‌کانی ئه‌م شاره داناوه .
له‌م ڕۆژانه‌دا بوو که بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ته‌رمی برایه‌کی خۆشه‌ویست ڕووم کرده نه‌خۆشخانه ، پاش ئه‌وه‌ی که چووینه به‌ر ده‌رکی نه‌خۆشخانه‌که و خه‌ڵکانێکی زۆر به کۆمه‌ڵ کۆبووینه‌وه پێیان ووتین ئه‌گه‌ر ده‌تان هه‌وێ ته‌رمی مردووه‌که‌تان وه‌ربگرنه‌وه ده‌بێ تا ئه‌و کاته‌ی کارووباری یاسایه‌که‌ی ته‌واو ده‌بێ له‌به‌ر ده‌رکی سه‌ره‌وه بمێننه‌وه ، ئێمه‌یش به کۆمه‌ڵ به‌ره‌و ده‌رکی سه‌ره‌وه ڕێکه‌وتین ، کاتێک که چووینه وێ بینیم ساردخانه‌که که‌وتۆ‌ته نێوان لانه‌ی مناڵان و به‌شی نه‌خۆشخانه‌ی مناڵانه‌وه ؛ ورده ورده باوکان و دایکانێکم ده‌بینی که ده‌ستی مناڵه‌که‌یان گرتبوو ده‌یان هێنا بۆ لانه‌ی مناڵان ؛ ئه‌و شته‌ی که سه‌رنجی منی زۆر بۆ لای خۆی ڕاکێشا ئه‌مه بوو که ده‌مبینی مناڵه خنجیلانه‌کان به ده‌ستی دایکیانه‌وه ملیان ده‌گێڕاو بۆ ئێمه‌یان ده‌نواڕی و هه‌ر به‌گه‌یشتنه ژووره‌وه‌یشی له دلاقه‌که‌وه سه‌ریان ده‌ردێراو به چاوانێکی ئه‌بڵه‌ق و دوو ڕه‌نگه‌وه سه‌یریان ده‌کردین ، وه‌ک ئه‌مه‌ی که زانیبێتیان ته‌رمێک خراوه‌ته ئه‌و هۆده‌ی پال ده‌ستیانه‌وه و ئه‌مشه‌و تا به‌یانی له‌وێ بووه ، ئه‌مه له لایه‌ک له لایه‌کی تریش مناڵانێکی نه‌خۆشم ده‌بینی که بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشیه‌که‌یان له ئامێزی گه‌رمی دایکیاندا به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌که ده‌هێنران ، به‌ڵام به کوێدا ده‌بێ بۆ نه‌خۆشخانه‌که تێپه‌ڕێ ؟ به‌ڵێ ده‌بێ به نێو که‌سانێکدا هه‌نگاو هه‌ڵبنێنه‌وه که شین و گریانیانه و بۆ باوک و برای له ده‌ست چوویان ده‌گرین و به خۆ دا ده‌کێشن .
کاتێک که ئه‌م دیمه‌نانه‌م بینی ووتم تۆ بڵێی تاوانی ئێمه له وه‌رانوه‌ر خواوه‌ندی مه‌زن چه‌نه گه‌وره بێت که به جێگه‌ی شین کردنی هزری ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ووڵات تۆمی ترس و له‌رز له مردن و ته‌رمی مردوو گریان و شین و واوه‌یلا له ناخ و ده‌روونی ئه‌و مناڵه دڵ پاکانه‌دا ده‌نێژین و ژینێکی گه‌مارۆدراو به ترس و دڵه‌ڕاوکێیان بۆ دێنینه ئا‌را‌وه ؟ .)
5- نه‌بوونی باوه‌ڕ و متمانه به خۆ :
هه‌موو مرۆڤێک بڕشت و لێهاتوویه‌کی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه و ده‌توانرێت بۆ دامرکاندنی زۆرێک له گرفته‌کانی کۆمه‌ڵگا که‌ڵکی لێ وه‌ربگیرێت و که‌م و کووڕیه‌کی زۆری پێ چاره‌سه‌ر بکرێت ، به‌ڵام به داخه‌وه له به‌ر ئه‌مه‌ی که زۆرینه‌ی مرۆڤه‌کان باوه‌ڕیان به‌خۆیان نیه و له ئاست که‌سانێکی تردا خۆیان به بچووک و که‌م و نووقسان ده‌زانن هه‌موو کات به په‌شۆکاوی له پشته‌وه‌ی په‌رده‌ی بێ باوه‌ڕی به خۆ ماونه‌ته‌وه و ئه‌و بڕشته‌ی خۆیان وورده وورده فه‌وتاندووه .
7- لێک حاڵی نه‌بوون و ناته‌بایی نێوان مرۆڤه‌کان :
ژیان به زۆر شت ئاڵۆز ده‌بێ و ده‌په‌شۆکێت و له‌ته‌راز ده‌رده‌چێت ، به‌ڵام ئه‌و شته‌ی که کاریگه‌ریه‌کی باش له سه‌ر ده‌روون داده‌نێت و ژینێکی تاڵ بۆ مرۆڤ دێنێته ئا‌را‌وه ئه‌مه‌یه که ناته‌بایی بکه‌وێته نێوان مرۆڤه‌وه و نه‌توانن به جوانی له یه‌ک حاڵی بن و ده‌ردی یه‌کتر بناسن و له کۆتاییدا گێچه‌ڵ و گرفت و بیانو به یه‌ک گرتن له نێو کۆمه‌ڵگادا هه‌ڵبگیرسێت .
8- فیز و خۆ نواندنی به‌شێک له مرۆڤه‌کان به‌سه‌ر به‌شێکی تردا :
ڕه‌گی لووت به‌رزی و فیز کردن له به‌شێک له مرۆڤه‌کاندا به ئاستێک گه‌یشتووه که که‌س به پیاو نازانن و هیچ که‌س له جێی خۆیدا نابینن ، به‌ڵکوو به پێچه‌وانه‌وه به چاوێکی هێنده سووکه‌وه سه‌یری که‌سایه‌تیه‌کانی تر ده‌که‌ن که تۆمی زۆرێک له نه‌خۆشیه‌کانی وه‌کوو بۆ یه‌ک نه‌بوون و یه‌ک نه‌ویستی و رق و قین و دووژمنایه‌تی له کۆمه‌ڵگادا هه‌ڵده‌گیرسێنن و له کۆتاییشدا ژیانێکی پڕ له ده‌رد و مه‌ینه‌ت دێننه ئا‌را‌وه ، چوونکه وه‌ک پێشینیان ووتوویانه " هه‌ر که‌س له ئاست خۆی که‌سێکه و خۆی به که‌س ناگۆڕێته‌وه " جا ئه‌گه‌ر کاسانێک به لووت به‌رزی و به ده‌ماره‌وه له گه‌ڵ که‌سانێکی تردا هه‌ڵسوو که‌وتیان کرد و به چاوی سووکه‌وه بۆ خه‌ڵکیان ڕوانی ، به سووک گیراوه‌کان تاقه‌ت و توانای قه‌بووڵ کردنی ده‌مار و فیزی ئه‌وانی تریان نابێت و له ئاکامدا ئه‌مانیش ده‌یان هه‌وێ وه‌ک ئه‌وان فیز لێبده‌ن و بار و دۆخێکی یه‌ک نه‌ویستی بێننه ئا‌را‌وه .
براکانم ئه‌مه به‌شێک له‌و شتانه بوون که بوونه‌ته هۆی ئه‌مه‌ی پۆشاکێکی ڕه‌ش به‌سه‌ر ڕووموتی ئێمه‌دا بکێشن و بار و دۆخێکی پڕ له مه‌ینه‌ت بۆ ئێمه بێننه ئا‌را‌وه ، پێویسته بزانین که ژیار و شاره‌ستانیه‌تی ئێمه به زۆر شتی ناله‌بار گه‌مارۆ دراوه و شتانێکی زۆر له تاڵ کردنی ژیانماندا ده‌خیلن ، که لام وایه ته‌نیا ڕێگه‌ی چاره‌سه‌ری ئه‌مانه ئه‌وه‌یه که به دڵ و گیان بۆ باوه‌شی به سۆزی ئایینی ئیسلام بگه‌ڕێینه‌وه و هه‌وڵ بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی که یاسا جوانه‌کانی ئه‌و ئایینه پیرۆزه له وڵاته‌که‌ماندا جێگیر بکه‌ین ، چوون به ڕاستی ده‌رمانی هه‌موو ئه‌م ده‌ردانه له ژێر سایه‌ی ئیسلامدا وه‌گیر ده‌که‌ون و چاره‌سه‌ر ده‌کرێن .
به هێوای ژینێکی پڕ له هێسایی و ئاسووده‌یی
سڵاو * میوانی به‌رێز به‌خێر بێیت بۆ ماڵپه‌ڕی ژینگه"